لەناو فڕۆکەدا...


لەناو فڕۆکەدا، ئەو دەمەی کچێکی پەمەیی گوڵی ڕێنمایی ئەداتە سەرنشینەکان، دڵی من بە کاپتن ئەڵێت: کاپتن... کاپتن من نامەوێت بمرم ئەو دەمەی بەر ئەبینەوە ناو دەریا، تۆ دەریاناس نیت کاپتن، کاپتن تۆ نازانیت دەریا بە ڕەگەز ئەچێتەوە سەر کام بەفری غەریب، تۆ نازانیت تەنیایی لە زەمینی کام چاوەڕوانییەوە وەک زریان هەڵئەکات، کاپتن... کاپتن تۆ جوگرافیای گریانیش بەڵەد نیت، زەمەنی فرمێسک ناخوێنیتەوە، تێناگەیت ئەو دەمەی پیاو ئەگری کەون چ خەلەلێکی تێدایە.
کاپتن... تۆ زەنگیانەی تەنیاییت بە گەردنی چ ڕۆژێکی خۆتەوە نەبینیوە، تۆ هەرگیز کچێک بۆ دڵنەواییش پێی‌نەوتویت: "پێم‌خۆشە میوانی تۆ بم، هەمیشە جیرانی تۆ بم"
کاپتن تۆ سەدان جار خۆرت لە دەمی ئاوابووندا بینیوە، تۆ دەیان جار ڕۆحی ڕژاوی ئاسمانت لە یاقووتی زەردەپەڕدا چاو کردووە، لە چەندین سوبحی تەماویدا دەستەکانت پڕپڕ کردوون لە ئەستێرەی جێماو، کەچی هەرگیز گوێت لە با نەگرتووە ئەو دەمەی خەم ئەچڕێت، بۆ جارێک... تەنها جارێک دڵی شکاوی بارانت نەداوەتەوە، کاپتن بۆ ئێوارەیەک... تەنها ئێوارەیەک و هیچی‌تر بە پاییزت نەوتووە: من سەفەرێکم لەبەرە چیت بۆ بێنم بە دیاری؟! ئەی نامکەی بە قاسیدێک و خەمنامە بۆ کەس نانێریت؟!
کاپتن من نامەوێت لەگەڵ دەریادا بمخەیتە شەڕی گومانەوە، من ناخوازم بێ ویستی خۆم لە جانتای مەرگێکدا قەدم کەیت.
من ئەو دڵەم سەفەر ماڵی هەمیشەیی و سەفەر ئاگری ڕژاندوەتە سەر ڕۆحی بریندارم، سەفەر غەریبترین قەسیدەم بوو بەدەم جێهێشتنی برادەرە ڕووناکەکانمەوە نووسیم، تازە ناتوانم حەرفێک لەو جوانتر لە سەربەردی ژیان ڕەسم کەم.
کاپتن... کاپتن ڕەنگە بڵێیت ئەم مەخلووقە، کەوتووەتە بن پشکۆی نوستالژیا، یان گیتاری سۆز بۆ گۆرانییە ڕژاوەکانی دوێنێی خۆی ئەژەنێ، ڕەنگە تۆ پێت‌وابێ باڵندەیەکە بێ پەڕوباڵ لە قەفەسی نیشتمان هەڵهاتووە و لەم سەحرا بێ‌تخووبەی باشوری زەمیندا ماڵێکی لە گیا، لە ئاو، لە شەراب چێ کردووە، ڕەنگە تۆ پێت‌وابێ کاپتن، وانییە کاپتن... وانییە.
تۆ ئازادیت چۆن ڕاڤەی ئاسمان ئەکەیت لە دەمی نیشتنەوەی ئارەزووەکانی باراندا، تۆ سەرپشکیت لەوەی چۆن وەسفی مانگ ئەکەیت لە کاتی تێپەڕین بە کۆڵانی هەورەکاندا، بەڵام کاپتن... تۆ ناتوانیت خۆت ڕەهاکەیت لە وەسفی نەوڕەسێک لە کاتی ئینتحاردا، یان گەڕانەوەی پیاوێک بۆ مناڵی و بۆ لای باغچەیەکی وێران، بۆ داڵانەکانی خەون و بۆ ڕاکشان لە بن سێبەری گرانی دارهەنجیرێک لە حەوشەکانی بێهوودەییدا. کاپتن... تکایە کاپتن هێندە خۆت بە تەنیایی پیاوێکی بێسەوادەوە سەرقاڵ مەکە، وریابە... وریابە با فڕۆکەکەت هەپروون نەبێ کاپتن...
من و تۆ... من و تۆ گەر ببینە هاوڕێی یەکتریش ڕەنگە بە قەد تەمەنی نێرگزێک پێکەوە هەڵبکەین و هێندە نابات یەکێکمان دڵی ئاسمان ئەشکێنێت، هێندە نابات مەملەکەت پڕ ئەکەین لە کۆتری کوژراو، هەوا پڕ ئەکەین لە سیر لە تاعوون، سەر مێزەکان بە ئەستێرە شکاو دائەپۆشین، ئێمە هەزاران فرسەخ لە تەبیعەتی پەپوولەوە دوورین.
کاپتن... کاپتن فڕۆکەکەت بئاژوو، درەنگە خوا چاوەڕێمە، درەنگە و پرسیارێک خەریکە ئەمخوات: کێیە بەم شەوە مۆرە بە تەنیا ئەبارێت، ئەوە کێیە؟! بارانی وام بە درێژایی تەمەنی پاییز نەبینیوە، بارینی وا لە هیچ گەڵایەکی تەڕدا، لە مێژووی هیچ باغچەیەکدا ڕووی نەداوە.
کەسێک لێرەیە تارمایی بارینی هەست پێ‌ئەکەم، ئەوەتانێ... ئەوەتانێ سێبەرەکەی عەتری لێ‌ئەتکێ، ئەوەتانێ دەستی خستوەتە ژێر چەنەی لە گۆرانییە نەوتراوەکان ورد ئەبێتەوە، لەو ڕۆژانە ئەڕوانێ کە هێشتا تێپەڕنەبوون، ئەو... ئەو بە ڕەنگێکی ئەنگۆرەیی لە دنیا ئەڕوانێت، تاقەتی نەماوە شەڕەکانی مرۆڤ بژمێرێت، بێزار بوو هێندە دووکەڵی تیرۆری هەڵمژی، هێندە بەڵێن و وادەی ڕووخاوی دی، هێندەیان ناردە شەڕ و تەرمەکەشیان بەجێهێشت، ئیدی بێزار بوو، مۆمی سەبری کوژایەوە، ئێستا ئەم مەخلووقە، ئەم غەریبە شەکەتە، لەو هەموو ئاسمانە تەنها فەنەرێکی هەیە بۆ فڕین، لەو هەموو دەریایە تەنها کانییەک ئەناسێت بۆ چڕینی گۆرانی ئاو، لەو هەموو زەمینە بەتەنێ خاوەنی گۆڕێکە بۆ تابووتی ژیان، لەو هەموو ڕۆژهەڵاتە تاقە گوندێک شارەزایە بۆ ناشتنی ناوی ئەو عاشقانەی لە تەنیاییدا مردن و لە شەقامی قەسیدەیەکی غەمگیندا بوونە درەختی ئێواران...

No comments:

Post a Comment