هاتن بۆ هەموان نییە!





تۆ بۆت هەیە بێیت
مناڵانی کۆڵان بۆیان هەیە بێن
موسافیرە غەمگینەکان
عاشقانی پێکراو
پۆستەچییە نیگەرانەکان و
پیرەمێردە دەسفرۆشە زویرەکانیش
دەتوانن بێن
هاتن بۆ هەموان نییە
بەڵام تۆ بۆت هەیە بێیت و
تارژەن و غەمژەن و دەفژەنەکان
باغەوانانی تەنیای باخە دوورەکان و
پەڕەسێلکە تەڕەکانیش لەگەڵت بێن
تۆ بۆت هەیە بێیت و
کۆتر و پەپوولە و شەمشەمە وردبینەکان
لەقلەقە حەکیم و زیکزیکە قسەزلەکان
هەر هەموو هەژدیها و فیل و نەهەنگ و تیمساحەکان
هەر هەموو مێروولە و هەنگ و کرم و
خاڵخاڵۆکەکانیش با بێن
هاتن بۆ هەموان نییە
بەڵام تۆ بۆت هەیە بێیت
بەیانییەک زوو دەڕۆم
بە جانتایەکەوە
لە چایخانەکەی گەراج دادەنیشم
چاوەڕێتان دەکەم بێن و
هەر هەموو پێکەوە بڕۆین!
هاتن بۆ هەموان نییە
بەڵام تۆ بۆت هەیە بێیت
پاشا و سوڵتان و ئەمیر و بارۆن و
ژەنەراڵەکان بۆیان نییە بێن
زاهید و شاعیر و قەدیس و گەڕیدە
بریندارەکان دەتوانن بێن
هاتن بۆ هەموان نییە
بەڵام تۆ بۆت هەیە بێیت و
خودا و نیشتمان
وێنە ڕەش‌وسپییە غەمگینەکانی دڵشکان و
هەر هەموو کوژران و ڕەقبوونەوەکان
لەگەڵت بێن
تۆ بۆت هەیە بێیت و
با ماڵەباجێنەکانی کچێنی
مسۆدەی ڕاڕای نامەکان و
هەر هەموو ڕاوەستانی پڕ لە دڵەخورپەی
ئەمدیو دەرگەی حەوشەکانیش لەگەڵت بێن
ئێوارەیەکی درەنگ جانتا دەپێچمەوە و
دەڕۆم
لە بەندەرێکی غەریب
لە دوای بەلەمێکی بچکۆلەدا دادەنیشم و
چاوەڕێتان دەکەم هەر هەموو بێن!
هاتن بۆ هەموان نییە
بەڵام تۆ بۆت هەیە بێیت
مانگ بۆی هەیە بێت
با و باران و بەفر و هەتاو
ڕووناکی و تاریکیی
ئومێد و نائومێدیی
چەپ و ڕاست
ئاگر و ئاو و
وەرزەکان وەک چوار مناڵی ئاقڵی
دەستوپل بۆیاویی
یەک لەدوای یەک
بە ڕیز بێن
شەوێک کە کەس بە دەرەوە نییە
دەچم بۆ سەفەر
بە جانتایەکەوە لە ویستەگەیەکی غەمگینی قەتار
بە تەنیا لەسەر سەکۆیەک دادەنیشم
چاوەڕێتان دەکەم بێن و
هەر هەموو پێکەوە بڕۆین!

ئایاری 2011
سلێمانی

No comments:

Post a Comment