بڵێی هەڵکات بای عیشقی من؟!



تێبینی: کلارا کچێکی ژیکەڵەی تەمەن 7 ساڵان بوو، لە ساڵی 2002دا لە شاری قەیسەری تورکیا لەگەڵ دایک‌وباوکیدا چاوەڕێی پەناهەندەییان ئەکرد... بوو بە ژێر ئۆتۆمۆبیلەوە...
بڵێی هەڵکات بای عیشقی من؟!

مەحوی ئەفەرموێت:
"ئەزانم بادیەی عیشقە خەتەرناک
کەچی هەر چووم، ئەگەر مام و ئەگەر چووم"
هەموو ئەترسن بە عەشیقەکانیان نەگەن
هەر هەموویان ئەترسن بە عەشیقەکانیان نەگەن
ئاسمانێکی تەنیایە ئەوێ
لەوەتەی خوڵقاوە باران ئەگرێ و
کەچی هەمیشە چاوەڕێیە هەورێک بکات بە ماڵی خۆی
پێکی حوزنێکە ئەوێ
لەوەتەی پڕ بووە لە ئێمە ئەناڵێنێ و
کەچی جارێک... تەنها جارێک خۆی مەست نەبوو
ئیتر بۆ کوێ؟... بۆ لای کام گۆرانی بچێت دڵی شکاوی ئەم هەموو تەرمە بداتەوە؟!
بەم ئەستێرە غەمگینانەوە کە عیشقیان بۆ شینایی نەماوە
بەم نزا کوژراوانەوە کە ئیتر ڕازی نین بچنە بەردەم چ خودایەک
بەم هەموو ژنە ڕەشپۆشەوە کە لەجیاتی کارت، گلەیی ئەخەنە سەندووقەکانی دەنگدانەوە
بەم درەختە مێیینانەی کە قەیرەیی جوانی هەموویانی وەراند
بە سوپایەک لاولاوی گەنجەوە کە لەدیوار نیگەرانن
بەم هەموو شەقامەوە کە بێزارن لە خۆپیشاندان
بەم هەموو پۆلە شەهیدەی لە داخی بێکەسی نیشتمان عومری چرۆکانی سەر دڵیان سپی بوو
بە خۆمانەوە... ئا بە خۆمانەوە
خۆمانی لە تەمبوورەکانی بێهوودەیی جێماو
بەم هەموو کۆترە عاجز و غەمگینەوە
بۆ کوێ؟.. بۆ کوێ بچین؟
ئیدی ئەفسانەی شاخیش بەسەر چوو
سێحرەکەی جارانی نەما
ڕەونەقی لێڵ بوو
شەوێک... شەوێک چرایەک بۆ ئەوەی دڵی خۆی بداتەوە، بەدەم ڕۆیشتن بە سەر ئاوی نەزاکەتدا پێی وتم: من نامەوێت بۆ سپێدەکانی ڕابوردوو بگریم، من ناخوازم ئێوارە نارنجییەکانی دوێنێ هەمیشە دووبارە ببنەوە، بەڵام هەمیشە بەگومانم لەوەی باغچەکانی سبەی گوڵێک بۆ پەرچەمی یار بگرن، بەگومانم لەوەی بەیانییەکی‌تر بێ و تیایدا نیشتمانە گەنجەکەم مەرزەکانی بە قاچاغ نەبڕیبێت و سنووردار نەکرابێتەوە، بەگومانم لە هەڵکردنی بای عیشقێکی‌تر، بەگومانم... بەگومانم... لە ئاگرەکەی خۆیشم بەگومانم...
منیش ئەترسم نەگەڕێمەوە لات کلارا
ئاخر لە کام گۆڕستانی بێهوودەیی کێلێکی کریستاڵ بۆ گۆڕی پێکەنین بخوازم و لێی بنووسم:
ئەبێ هەموو نەفسێک عیشق بچێژێت کلارا
کلارا... کە وەفا دڵی هەموومانی شکاند، کە یەکێکمان وەک نیشتمان بەدەس دڵی خۆیەوە گیری خوارد و ئەوی‌تریشمان بە لایەکی‌تری دنیادا هەروەک تۆزی دەم با پەرش بووین، کە ئیتر لە سەر ئەم بەردی مەنفایە خلیسکاین و کە ئیتر خوێنی یەکترمان کردە گۆزەی ماڵە موهاجیرەکانەوە
تازە چۆن بگەڕێمەوە لات کلارا...؟! کە ڕەنگ‌زەردی خەزان خەتای پاییز نەبێ و کە ئیتر کەسێک نەبێت چاوەڕوانی تێپەڕینم بکات بەلای سپێدەی باغچەکەیاندا، بۆ ئەوەی باوەشێک گەڵای ڕەنجاو کۆکەمەوە و دەمەوئێوارە بیبەمەوە بۆ باڵندە ناسیاوەکانی خودا.
کە نەتوانم دەستی سۆز بەسەر باراندا بهێنم، کە ئیتر لە مەغریبانی بێنازیدا ئەستێرەیەک نەمابێت ڕێی عیشقم نیشان بدات.
ئەترسم ئیتر نەگەڕێمەوە ژێر ساباتی ئەو جیلوانەی کە ڕۆژانێک پەنجەی منیان ئەخستە سەر لێوی گێلاسێک...
کلارا... کلارا گۆرانیم لێ پڕ مەکە لە گلەیی ئەگەر جارێکی‌تر نەتونم عەدەمییەتی ئێرەم وەک نهێنییەکی ئاشکرا بخەمەوە نێو جانتا ڕەشەکەی جارانی ژیان و ئەگەر نەدرەوشێمەوە وەک زریوەی یەکەمین ئەستێرە کە لەسەر گۆیژەوە هەڵدێت کلارا... بەردەرگای شیعرم لێ مەگرە کلارا ئەگەر گوڵم بۆ نەگرتی، جاڕی نیشتمانم لێ مەیە ئەگەر هاتمەوە و ئەو کۆڵانی ئەبەدییەتەم نەدۆزیەوە کە خۆمیان تێدا کوشت.
کلارا دوعام لێ مەکە... مەڵێ خوا بە دڵی عاشقانت لەگەڵ نەکات، خوا نەتخاتە سەر کەڵکەڵەی سەما کردن لەگەڵ پاییز، کلارا... ئیتر ئێوارەیەکی‌تر لەکوێوە سەرهەڵبدا و تۆ بێیت و باسی شکاندنی گیتارەکەی خۆت بکەی بەدەم سووتاندنی ئەوکتێبانەی خەیاڵیان پڕکردین لە وەسوەسە و هەوای سەفەر و جێهێشتن و عەسرەکانی خۆکوشتن، ئیتر شەوێکی‌تر چۆن هەڵبکات و تۆیش لەگەڵ موسیقادا بێیت و پێکەوە ورتەورتی حیکایەتێک بکەین و بڵێین هەبوونەبوو... هەبوونەبوو ئاو لە ئێمە عاشقتر نەبوو، شەو لە گۆرانی ئێمە خامۆشتر نەبوو، زەمان، زەمانی ئەوانە بوو بە ئەڤین بیمار بووبوون، زەمان، زەمانی گێڕانەوەی نوێژی بەسەرچووی گەڵاکان بوو بە قەزای درەخت و لەسەر بەرماڵی قەسیدەیەک شاعیرەکەی فریانەکەوت خۆی بکوژێت. هەبوونەبوو لە گەڕەکی کۆترە شینکەکەن لە ماڵی گریاندا ڕەشەبایەک هەبوو تەریقەتی ونکردبوو، لە دین وەرگەڕابوو، سیمای وەک ئێوارە تار بووبوو، بۆنی خەونی دوای بارانی لێ‌ئەهات، هەبوونەبوو ئەو ڕەشەبایە وەک نیشتمان بەدەس هەموومانەوە ئەیناڵاند، کە حەوسەڵەی بەدەس ئێمەوە نەئەما وەک دێوانە سەرێکی حوزنی هەڵ‌ئەبڕی و وەک بیەوێ بڵی: هەتا زستانی کام هاوار بێبەش لە بەفری گەنجییەتی و هەتا سێبەری کام عەسر مەحرووم لە پیاسەی نەوڕەسان؟! هەبوونەبوو نیشتمانێک هەبوو کلارا نیشتمانێک... بە ناو ساڵە وشکەکانی ئێمەدا ڕای‌ئەکرد و بۆ ئەوەی دڵی با بداتەوە دەستی بە کاسکێتەکەیەوە نەئەگرت. نیشتمانێک هەبوو کلارا دڵی بە هیچ نەئەکرایەوە... جگە لە ئێمە مناڵە لاسارەکانی لە هیچ پەشیمان نەبوو، تانها لە ئێمە پەشیمان بوو کلارا...
هەبوونەبوو... نیشتمانێک هەبوو هەتیوەکانی خۆی بە دڵپیسی ڕەجمیان ئەکرد، نیشتمانێک هەبوو کلارا... نیشتمانێک...
کلارا... من کە پێڵاوی "با"م ونکردبێت... کە هەردوو دەستم خەڵتانی ئەستێرە بن، کە نیگاکانم لە سەر خۆڵی ژنێکی ڕەجمکراو هەڵخرابن، کە خەرمانی عومری فانیم بە هەناسەیەک بسووتێت، ئیتر بۆچی ئاگری خۆت بە نووسینەوەی چارەنووسی ئاوێکی برینداری وەک منەوە سەرف ئەکەیت کلارا...
وامدانابوو... کلارا وامدانابوو کە پێت‌گەیشتم، ئەو ئێوارانەت بۆ شەرح کەم کە هین من نین و کەچی وەک پەپوولەی مۆمیا کراو بە زۆر ئەیانخەمە ناو پەڕەی دەفتەرەکانی ژیانم کلارا...
کلارا من لە چی پەشیمان نیم لە چی؟ پێم‌بڵێ... چەندین جار ڕەوانەی شەڕگەکان کراوم و بریندار کراوم و بە دیلی گیراوم و هەر بە دیلیش کوژراوم و کەچی من هەر نەبوومە خاوەنی چ حیکمەتێک کلارا...
کلارا تۆ دەرگام لێ‌دائەخەیت ئەودەمەی پەشیمانی ئەبارێ
کلارا تۆ سینەتم لێ‌ئەشاریتەوە ئەودەمەی ماچ دائەکات
کلارا تۆ سێوە حەرامەکەم نیشان ئەدەیت ئەو دەمەی خواوەند بێرەدا ڕائەبوورێت
کلارا... کێ لە خۆی ئەچێت هەتا منیش ببمەوە بە خۆم کلارا...
تازە سەری خۆشم وەک بارمتە لای کانی دابنێم بۆ تاقە یەک هەناسەش نامباتەوە قەراغ ئەو گۆمەی یەکەمجار بۆنی مانگم تێدا کرد و دڵی خۆمم تێدا جێهێشت.
کلارا... چ گمەیەک ئەچێتۆ سەر ماڵی کۆتر هەتا ئێوارەی منیش بە لەنجەولار خۆی بکاتەوە بە گوندە ڕووخاوەکەی تۆدا؟!
کلارا شەوی قەسیدەی من کەی وا درێژ بوو، یەخەی کتێبە بێنازەکانم کوا هێندە کاڵ بووبوونەوە، مەزاری یارانم کەی ئەوەندە لەگەڵ جەفا بەینیان هەبوو، چاوەڕوانیم کەی هەموو ڕۆژێک ئاوا دەستی ئەخستە قژی گریانەوە، خەونم کەی هەموو نیوەشەوێک ئەیدایە زریکە خەونم، لەتاو ئەو هەموو غەدرەی لە ئاوێک ئەکرێت جاران پێی ئەوترا ژیان و ئێستا خودا بردوویەتیەوە بۆ خۆی کلارا...
کلارا خۆ من زیخی جێماو یان تەرمێکی فڕێدراویش نەبووم، لافاو بمخاتە سەرشانی و پێدەشت بە پێدەشت بمهێنێتەوە بۆ لای تۆ...
کلارا... کێ بۆ لای خۆی ئەچێتەوە هەتا منیش بێمەوە لات
کلارا... چ غەمناکێکی بیمار بووم من ئەودەمەی تۆم ناسی، بێدارێکی چەند ناموراد بووم من ئەو شەوە هاتمە خەونت.
کلارا... تازە تەنیایی من و بێنازی نیشتمان لە کوفرێک ئەچن، کەس خۆی ناکات بە خاوەنی
کلارا کێ لە خۆی ئەچێت هەتا منیش ببمەوە بە تۆ کلارا...

No comments:

Post a Comment