پیاوکوژ و شەهیدێک
ئەی گەمژە
من لە پێناوی هەموو جوانییەکاندا مردم، تۆ لە پێناوی
هیچدا
من لەوسەری هەموو چێژەکانەوە هاتمەوە، تۆ لەوسەری هەموو
پووچییەکانەوە
هەموو ئەم ستایشە، بەرامبەر پەپوولەیەک نییە... کە چیدی
نایبینیت
هەزار فریشتە، ئەم زامەت بۆ ڕابژێنێت، بەرامبەر نیگای
کچێک نییە... کە ئیدی لە دەستتچوو
هەزار باغ، برینت بۆ مەرهەمبکەن، بەرتەقای گوناهی ماچێک
نییە...کە ئیدی تامی ناکەیت
بگەیتە سەد بەهەشت، هێندەی گەیشتن نییە بە چڵی هەنجیرێکی
بەرز... کە ئیدی نایگەیتێ
بچیتە ناو سەد ڕووبار، وەکوو مەلەکردن نییە لە گۆمێکی پڕ
ماسیدا... کە ئیدی ناچیتە ناوی
بەیانی تف لە زامەکانت بکە و وەرەوە
تف لەم شوێن خەنجەری دوژمنە بکە و وەرەوە
بە بچووکی (وەک مرۆڤێک) لە نێوان خەندەی کالیبتۆسەکاندا
بمرە... جوانترە
(کە دواجار بولبولەکان خۆیان دەمرن، تۆ بۆ لە پێناویاندا
دەمریت؟) هێندە کاڵفام مەبە ئەی دۆست، وابزانیت مردنی تۆ گوڵزار دەڕازێنێتەوە.
سەیرکە و ببینە ئەی دۆست، دوای مردنی تۆ، ژیان هەروەکوو خۆیەتی. سەیرکە و بگری ئەی
دۆست، دوای گەڕانەوەشت، مردن هەروەکوو خۆیەتی.

No comments:
Post a Comment