وەسیەتی دیکتاتۆرێک بۆ منداڵان

وەسیەتی دیکتاتۆرێک بۆ منداڵان


زوو گەورە بن! زوو بچنە سەر مینبەرەکان، زوو فتوای کوشتنی ئەم سەردەمانە دەرکەن


بەهار بە سەوزی،
باڵندەکان بە گڕەوە، خووداکان بە نوورەوە بخۆن
تەورەکان بە خوێنەوە، زمانەکان بە قولاپەوە، لێوەکان بە تاعوونەوە ماچ بکەن
خێرا گەورە بن
خێرا بگەنە ئەو مەیدانانەی شەڕکەریان تیادا نەماوە
خێرا خودەی شکاوی جەهەننەمەکان لەسەرکەن
خێرا زەوی پڕکەن لە باغی بارووت
زوو دڵتان بەرز کەنەوە بۆ مەودای ئەو مووشەکانەی لە پاشەڕۆژەوە دێن
گەرووتان پاکەنەوە بۆ ئەو تووتیانەی لە دەنگتاندا هێلانە دەکەن
سەرتان خاڵی کەنەوە بۆ ئەو دیکتاتۆرانەی بەیانی لە دایکدەبن
زوو پۆستاڵەکانتان بۆ ئەو ئەستێرانە ئامادەکەن کە داگیریان دەکەن
زوو ئاگر بۆ ئەو وشانە داگیرسێنن کە دەبێ بسووتێن
خێرا کلیلی جەهەننەم وەرگرن
خێرا تفەنگی ئەو ڕاوچیانە هەڵگرن کە نێچیرەکانیان دەیانخۆن
باز بۆ چاوەکانیان بکڕن... شەو بۆ ئەو خوێنەی کە بە کەڵبەکانیەوەیەتی
خێرا لە قیبلەکان وەرگەڕێن
خێرا لە قوربانییەکان تەبەڕڕابن
خێرا دەستنوێژەکانتان بە مردن بشکێنن
پەلە بکەن لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی مردندا
پەلە بکەن لە کورت کردنەوەی چیرۆکی ئەم شەونمانەدا
پەلە بکەن لە داگرتنی ئەستێرەکاندا بە فڕین لە چەرخ‌وفەلەکەکانەوە
دەستبەردەن بۆ گرتنی باڵندە لە سەر ئەسپەکانەوە
خۆر دروستکەن، تیشکەکانی لەژێر چنگی ئێوەدا بێ
مانگ دابێنن بە مۆمەکانی ئێوە داگیرسێ
ئەستێرە دروستکەن بە فووی ئێوە بکووژێتەوە
پەلە بکەن لە گۆڕینی تامی ئاودا
پەلە بکەن لە هەڵگێڕانەوەی فڕینی کۆتردا
تا ئەندازەی سەربڕینی ساقییەکان مەستیتان تیژکەنەوە
تەماح لەو هێلانانە بکەن کە هێشتا هێلکەیان تیا نییە
تەماح لەو هەنگوێنانە بکەن کە هێشتا بە هەڵاڵەکانەوەن
تەماح لەو ئەستێرانە بکەن کە هێشتا شەو هەڵی‌نەهێناون
تەماح لەو ستاییشانە بکەن کە بۆنیان بە حەرفەکانەوە نییە
تەماح لەو جەنگانە بکەن کە هێشتا میللەتەکانیان دروست نەبوون
تەماح لەو شەرەفانە بکەن کە هێشتا ئاسمان حەرامی نەکردوون
دەم لە سێو بەرمەدەن تا لە باغ پەشیمان دەبێتەوە
دەم لە بولبول بەر مەدەن تا خیانەت لە بەیانی دەکات
کە دەستتان کرد بە فڕین، تا دەرچوون لە دڵی زریانەکان مەنیشنەوە
جەنگ بۆ شەوێک، غەزا بۆ دوورگەیەک، شەهوەت بۆ مەمکێک
مەزهەبی ترسنۆکەکانە
بزانن لە دوورترین سەدەفدا مروارییەکی ئێوەی تیایە
لە دوورترین ئافرەتدا شەوێک بۆ ئێوە حەڵاڵە
لە بچووکترین مێووژدا بەشتان هەیە
لە هەموو تاوسێکدا پەڕێک بۆ ئێوەیە
پەلە بکەن لە دانانی قانوونی هەڵگێڕانەوەی شەودا
ئیدی کاتی ئەوە هاتوە دیوی ئەودیوی مانگ ببینن...
کاتی ئەوە هاتووە لە سەر دیوە ساردەکەی خۆر یاری بکەن.

No comments:

Post a Comment