یار دڵی لام نییە



یار دڵی لام نییە
­­­­­­­­­­­­­­­­­


گوڵدانەکان بە دەستمەوە دەشکێن
بەلای ئینجانەی گوڵەمێخەکەکاندا دەڕۆم و
ڕووی عەتریانم لێ‌وەردەگێڕن
دەچم بۆ سەفەر و
ڕێی گەڕانەوەم لێ‌تێکدەچێ
دەزانم حاڵم هیچ باش نییە
دەزانم هەبێ‌ونەبێ
تۆ دڵت لام نییە!

تۆ دڵت لام نابێ و
گۆزەیەک لەخۆوە لەسەر تاقەکە درز دەبا
تۆ دڵت لام نابێ و
من بە دەم خەوەوە خۆم دەگۆڕم،
جانتایەک هەڵدەگرم
لە دوای عارەبانەیەکی دوو ئەسپییدا
دادەنیشم
بە عارەبانچییەکە دەڵێم
باوکە بمبە!
دەڵێ: ڕۆڵە... بۆ کوێ بەم کڕێوەیە؟
دەڵێم: بۆ باغی زاهیدان!
دەڵێ: بۆ کوڕی خۆم... نیازت چییە؟
دەڵێم: هیچ... باوکە
یار دڵی لام نییە!
تۆ دڵت لام نابێ و ئیدی من شەوانە
درەنگ دەگەڕێمەوە
بۆ ماڵ
کتێبی تەنیاییەکەی شێرزاد حەسەن
پەیدا دەکەمەوە و
سەگ و پشیلە غەمگینەکانی شار دەخەمە
دوای خۆم
بە دیواری ماڵە کۆنەکەی میهرییدا
سەردەکەوم و
هاوار دەکەم میهریی وەرە دەرێ
بنۆڕە... بنۆڕە
چ تەنیاییەکی جوان تێیکەوتووە ئەمشەو...
مانگ!
تۆ دڵت لام نابێ و دونیا تێدەگەیەنم
کە دڵت لام نییە
مێروولەکان لە خۆم کۆدەکەمەوە و
بە زوبانێکی شیرین پێیاندەڵێم:
هاوڕێم لێت ناشارمەوە
ئەو دڵی لام نییە!
بە ڕاکردن دوای کیسەڵێکی غەمگین دەکەوم و
لە دوورەوە بە دەنگی بەرز بانگی دەکەم:
هۆو...هۆو... کیسەڵی برام دەزانم پەلەتە،
بەڵام دەبوو شتێک هەیە بیزانیت
خاوەخاو ئاوڕ دەداتەوە و دەڵێ: ها چییە؟
بە گریانەوە هاوار دەکەم:
ئەو دڵی لام نییە!
کۆترێک لە لەحزەی فڕیندا ڕادەگرم و
دەڵێم: تکایە بەر لەوەی بفڕیت
نهێنییەکی گرنگ هەیە نەبا بیبەمە ژێر گڵ
تۆ بیزانە
گمەگم دەڵێ: ئادەی چییە؟
بە گوێیدا دەچرپێنم: کۆتری خۆشکم
چی بێ لە تۆ نهێنیی بێ
یار دڵی لام نییە!
تۆ دڵت لام نابێ و
من ئیدی خووی خراپ دەگرم
خوو بە سەفەرەوە دەگرم و بە نەگەڕانەوە
خوو بە دارودیوار نووسین بە خەتێکی شکستە و دڵتەنگ
خوو بە شەق‌هەڵدان لە قوتووی بەتاڵ
خوو دەگرم بە جانتا پێچانەوە و
ڕۆیشتن بەدەم خەوەوە
خوو بە دانیشتن بە سەعات
بە دیار شەڕی نێوان دوو کەوەوە
خوو دەگرم بەوەی کە هەڵگژێمە سەر دارێکی بەرز و
بە هاوارهاوارەوە توو بوەرێنم
تۆ دڵت لام نابێت و
ئیدی منیش لە لێواری خەرەندێکدا
بە دوو باڵی پێکراوەوە تا ئەبەد دادەنیشم و
چاوەڕێ دەبم
تۆ دڵت لام بێت و ببینیت
چ هەڵدێری تەنیاییەکی قووڵ
تێی کەوتووم!

کۆتایی                                     سلێمانی 2010

 

No comments:

Post a Comment