لە چاو ترووکانێکا سەری وڵاتم سپی بوو





لە چاو ترووکانێکا سەری وڵاتم سپی بوو




ئەو ئێوارەیە
میلی کاتژمێر بیست‌وپێنج جار
بە نێو تەمتومانی شپرزەیی ڕۆحی ئەوا فڕی
ساڵ بووە پێنج وەرز
بەهار، هاوین، پاییز، هەڵەبجە، زستان
خۆر سەری ئاوابوونی لێ هاتووە یەک
لە چاو ترووکانێکا سەری وڵاتم سپی بوو
ئەی تاسەی تەڕوبڕی یەکەمین ویساڵ
ئەی قاسیدی بەویقاری سەرەتا!
خۆت لەوێ بووی
کە بادی خۆشمروور هەڵیکرد و
ئەو سیروانی سیاچەمانەیەمی
بۆ هیجرەتی دیاری غەریبی هەڵپێچا
بە باڵی هەنگاوت هەڵمگرە ئەی پەیکی شارەزا
توند توند لە مەوجی تەڕوبڕی ڕوانینتم بپێچە
تا لەسەر لەپی ئیشتیاقت سەوز بم
هەڵمگرە ئەی بادی سەبا
لەسەر لەرەی دەنگت
تا لە شوێن پێی سەرابی هیجرەتتا
باڵ بگرم
هیجرەتە... هیجرەتە... هیجرەت
هیجرەتی شار و شیعر و شنروێ
هیجرەتی هەڵەبجە
ئەوەتاین، بمانبە
لەسەر شاباڵی هیجرەتت هەڵمانگرە
هێند هاتووینەوەیەک
لە جانتای مەکتەبی مناڵێکا جێی هەموومان دەبێتەوە
ئێمە ئەمێستا خەمێکین ساڵخوردە سپی سپی ئەچینەوە
ڕیزڕیز بەو ڕێیەوە
ئەڵێی بەفرین لەکاتی بارینا
ئەڵێی چاوین لەکاتی ڕوانینا
ئەڵێی باڵین لەکاتی فڕینا
ئەڵێی پەلکە سەوزەکانی کانی ئاشقانین
لە کاتی ژاکان و وەرینا
بڕوانە ئەی پەیکی شارەزا
وڵاتم چنگێکی ماوەتەوە
بمانبە، سوودی نییە نامە
تەشریحی زەعیفی من و
غەمی ڕدێن سپی هەڵەبجە نایەتە تەحریر
هەڵمانگرە نەرم نەرم لە سەر باڵی هاژەت
ڕیزڕیز لە گوڵدانی بەر پەنجەرەی نەخۆشخانەکانی
تاراندا
بمانڕوێنە
توند توند لە خوڕڕەی جاری "فیراق"مان بپێچە
تا لەسەر لەپی ئیشتیاقت سەوزبین
لەوا بوویت ئەی پەیکی شارەزا
ئەو ڕۆژەی جێ کەڵبەی ژەهراوی گورگ
بە جەستەی کارئاسکەکەی سەحرای
هەڵەبجەمەوە بەجێما؟
ئەو ڕۆژەی "گوڵان" دڵی تێکەڵهات و
"سیروان" لە پێ کەوت و
مێژوو ڕشایەوە؟
لەوا بوویت ئەی پەیکی شارەزا
ئەو بەهارەی نێرگز
چڵەچڵە سنگی خۆی دادڕی و
"دیوان"م پەڕەپەڕە خۆی کوشت و
"قەسیدە"م بەیت‌بەیت سەری هەڵگرت
ئەو ڕۆژەی شاخ گریا و
کانی قوڵپ‌قوڵپ زریکانی و
گوڵان هێشوو هێشوو وەرین
تەنانەت تۆیش ئەی بادی خۆشمروور
فریای خوێندنەوەی ئەو چامە سەوزەی
هیجرەت نەکەوتیت.
چنگێ هەناسە –ئەی بادی سەبا!-
بۆ هەنگ بۆ هەڵەبجە بۆ هێرۆ
تۆزێ جریوە ئەی بادی سەبا!
بۆ گەڵا بۆ گوڵ بۆ گڕەگاڵ
هێندەی سەرەدەرزییەک نیگا ئەی بادی سەبا
بۆ هیجرەتی ناوەختی ئاوێنە و چرا
لە جانتاکەتا جێمانکەرەوە و
توندتوند لەسەر هەناسە و هەوار و هەور دامانخە
پەلک‌پەلک ڕوانینمان
لە ئاسمان و زەوی و کتێبەکان هەڵکێشە
تاڵ‌تاڵ ڕەگمان
لە گۆرانی و حیکایەت و تابلۆکان بکەرەوە
ئێمە قەبیلەیەکی گوناه بووین... گوناه


No comments:

Post a Comment